چالاکوانێکی مەدەنی کورد ئەم داواکارییەی تۆمار کردووە.
ئاڕاستەی: بەرپرسی دەزگای قەزایی، داواکاری گشتی وڵات، سەرۆکی دادوەری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و دادستانی شنۆیە و پیرانشار.
٣١ی ڕەزبەری١٤٠٥
ئێمە واژۆکارانی ئەم داواکارییە دەمانەوێت بەدواداچوونێکی دەستبەجێ و ڕوون لە دۆسیەی گیان لەدەستدانی بە ئازاری نیلوفەر مۆجاور، ژنێکی گەنجی کوردی خەڵکی ئاشنۆیە بکرێت.
نیلوفەر ئێوارەی یەکشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ ماڵەکەی بەجێهێشت و نزیکەی دە ڕۆژ خێزانەکەی ئاگاداری نەبوون. بەگوێرەی گێڕانەوەی بنەماڵە و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەو ماوەیەدا لە شوێنێکی نادیار ڕاگیراوە و تووشی ئەشکەنجەی جەستەیی توند و دەستدرێژی و بێبەشکردن لە خواردن و ئاو بووەتەوە.
نیلوفەر ڕۆژی ٢٩ یان ٣٠ی ڕەزبەر،بە جەستەیەکی بریندار و باری تەندروستی ناجێگیر بۆ ناوەندێکی پزیشکی لە نزیک پیرانشار و پاشان بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە. دوای پشکنین پزیشکەکان پشتڕاستیان کردەوە کە مێشکی وەستاوە و مردووە. خێزانە خەمگینەکەی نیلوفەر ڕەزامەندیان دەربڕی لەسەر بەخشینی ئەندامەکانی بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکانی دیکە.
بنەماڵەی نیلوفەر کەسێکیان بە ناوی سەید عێزەدین سەید تاهێری وەک تۆمەتباری سەرەکی ئەو دۆسیەیە ناساندووە. دوای گواستنەوەی نیلوفەر بۆ ناوەندێکی پزیشکی ئەو کەسە هەڵات، بەڵام لە ١٤ی ڕەزبەرلە سنووری بانە لەکاتی هەوڵدان بۆ جێهێشتنی وڵات دەستبەسەر کرا، و بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر گواسترایەوە بۆ ئازەربایجانی ڕۆژئاوا. دەستگیرکردنی تۆمەتبار تەنها سەرەتای لێپرسینەوەکانە؛ کۆمەڵگا مافی ئەوەی هەیە بزانێت لە کاتی جێهێشتنی ماڵ لە لایەن نیلۆفەر تا گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە چی ڕوویداوە و کام کەس یان کەسان بەرپرسیار بوون لە مردنەکەی.
داوا لە سیستەمی دادوەری دەکەین:
١. لێکۆڵینەوەکانی تاوانکاری و پزیشکی دادوەری و پۆلیس لەم کەیسەدا پێویستە دەستبەجێ و سەربەخۆ و بەبێ دەست وەردانی ناڕەوا ئەنجام بدرێت و ئەنجامەکانیش ئاشکرا بکرێن، لە هەمان کاتدا ڕێز لە تایبەتمەندی خێزانەکە بگیرێت.
٢. پێویستە سەید عێزەدین سەید تاهێری بخرێتە ژێر چاودێری یاساییەوە تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبێت و دۆسیەکە لەلایەن دادگاکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە؛ پێویستە لە دادگایەکی بێ لایەن و دادپەروەرانەدا پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانیدا بکرێت؛ و ئەگەر تاوانەکەی سەلمێندرا، ئەوا سزایەکی هاوتا لەگەڵ هەموو تاوانە سەلمێنراوەکان، بەسەریدا بسەپێندرێت.
٣. تۆمەتەکانی پەیوەست بە ئازاردانی سێکسی، ئەشکەنجەدان، بێبەشکردنی نیلوفەر لە ئاو و خۆراک، هەڕەشەکردن لە خێزانەکەی، هەوڵدان بۆ هەڵهاتن و ئەگەری دەستوەردان یان جێگرایەتیکردنی کەسانی دیکە پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
٤. چۆنیەتی کاردانەوەی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و دادوەری لە نێوان دیارنەمانی نیلوفەر و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و هەر کەمتەرخەمییەکی ئەگەری لەلایەن ئەو دامەزراوانەوە ئاشکرا بکرێن.
٥. پێویستە ئاسایشی بنەماڵەی نیلوفەر و شایەتحاڵەکانی دۆسیەکە مسۆگەر بکرێت و پارێزەرێکی سەربەخۆ بێ هیچ سنوورێک دەستی ڕابگات بە تەواوی زانیارییەکانی کەیسەکە.
داواکاریی دادپەروەری بۆ نیلوفەر داوای مافی ژیان و ئاسایشی هەموو ئەو ژنانە دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشە و دەستدرێژیکردن دەبنەوە.
--
به خاطر حق زندگی و امنیت برای همه زنانی که در معرض خشونت و تهدید و سوءاستفاده قرار میگیرند، امضا میکنم.